دوو مامۆستای بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ توێژینەوەیەکی زانستیی گرنگ دەربارەی "زیرەکیی دەستکرد" بڵاودەکەنەوە
لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ بە لایەنی توێژینەوەی زانستی و هاوتەریب بوون لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان، بەڕێزان (م،ی ڕاوێژ کامەران ئەحمەد) و (د. هەژان خالد ئەحمەد) مامۆستایان لە بەشی دیجیتاڵ میدیا و مارکێتینگ لە پەیمانگەکەمان، توێژینەوەیەکی زانستیی نوێیان لە گۆڤاری ئەکادیمیی مەحکەمی (ئاران)ی زانکۆی گەرمیان بڵاوکردەوە.
توێژینەوەکە یەکێکە لە توێژینەوە سەردەمی و گرنگەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و لەژێر ناونیشانی: "بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە بازاڕگەریی دیجیتاڵیدا؛ لێکۆڵینەوەیەکی چۆنایەتی لەسەر دەرفەت و ئاڵنگارییەکان لە هەرێمی کوردستان" بڵاوکراوەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە بە وردی تیشک دەخاتە سەر ژینگەی کار و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و چاوپێکەوتنی قووڵ لەگەڵ ١٧ پسپۆڕ و خاوەن کۆمپانیای مارکێتینگ، ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI)ی دیاری کردووە. توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە AI دەرفەتێکی گەورە دەڕەخسێنێت بۆ زیادکردنی کارایی و بەرزکردنەوەی کوالێتیی ناوەڕۆک، بەڵام هێشتا ئاڵنگاریی وەک "بەربەستی زمانی کوردی" و "کەمیی پسپۆڕی ئایتی" ڕێگرن لەبەردەم سوودوەرگرتنی تەواو لەم بوارە.
بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە توێژینەوانە نیشانەی ئاستی بەرزی ئەکادیمیی مامۆستایانی پەیمانگەکەمانە لە گەیاندنی زانستی نوێ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی بازاڕی ناوخۆیی.
لینکی توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئاران:
https://aran.garmian.edu.krd/article_25180.html?lang=ku
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ مامۆستایانی بەڕێزمان و سەرجەم مامۆستایانی پەیمانگەکەمان دەخوازین لە کاروانی زانست و داهێناندا.

